٢ حوزەیران ٢٠٢٥ - ٢١:٠٢
Source: Mehrnews
گرێبەستی گازی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بەرژەوەندی کێیە

دوکتۆر مەهدی خەیری زەراری دەڵێت: گرێبەستە گەورەکانی گاز کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی کوردستانەوە لەگەڵ ئەمریکا بەستراوە، سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت و هیچ کێشەی یاسایی نییە.

 بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستە نوێیەکەی حکومەتیی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە داینەمۆی گەشەی ئابووری، وەبەرھێنان و داهێنان لە هەرێم ناودەبەن کارناسان گومان دەخەنە سەر یاسایی بوونی ئەم گرێبەستە.

هەروەها هۆشداریی لەوە دەدەن کە حکوومەتی ناوەندی عێراق قبووڵی ناکات و ڕەنگە دووبارە سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەرز بکاتەوە و تەنانەت مووچە و بەشە بودجەی هەرێمیش بە بارمتەبگرێت و زەوتی بکات تاکوو گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی هەرێم.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێ لە کارناسانی بواری وزە و نەوت و گاز ڕایان جیاوازە و ئەم گرێبەستانە بە یاسایی دەزانن.

بۆ وڵامی چەند پرسیارێک لەسەر گرێبەستی گەورەی گازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی هەواڵنێری ئاژانسی مێهر قسەی لەگەڵ دوکتۆر مەهدی خەیری زەراری مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری نەوت و گاز کردووە کە دەقی دیمانەکە لە خوارەوە بڵاو دەبێتەوە.

هەرێمی کوردستان دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە واشنتۆن واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانی دوو کێڵگەی گەورەی گازی سروشتی، کە بەهای کۆی گشتی ڕێککەوتنەکان١١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. بەڵام گومانی جددی هەیە لەسەر ڕەوایەتی ڕێککەوتنەکان و پێگەی کۆمپانیا واژۆکارەکان و گومان هەیە لەسەر ئەوەی کە بەغدا ڕێگە بدات بە جێبەجێکردنیان بە لەبەرچاوگرتنی ناڕەزایەتییەکانی حکوومەتی عێراق و ڕاگرتنی مووچە و بودجەی هەرێم. ڕاتان لەسەر ئەم گومانانە چیە؟

بۆ یاسایی بوون و نەبوونی گرێبەستەکان دەبێت پشت بە دەستووری عێراق ببەستین، کورد بەشێکە لە عێراق بۆیە نابێت چاوەرێی عێراق بکات بۆ ئەوەی هەموو کات خێری پێبکات. خۆی هەرێمی کوردستان خاوەن ٥٧ بلۆکی نەوت و گازە کە بەشێکیان وەبەرهێنانیان تێداکراوە و بەشێکیان تا ئێستا هیج گرێبەستێک نەکراوە لەگەلیان.
هەرێمی کوردستان لە بلۆکە نەوتەکان و پرۆسەی نەوت تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و سەرکەوتوانە ئەنجامیداوە بەڵام بە رێژەیەکی کەم پرۆسەی گاز و گرێبەستی گازی ئەنجامداوە. بۆیە دەبێت لە ئێستا بەدواوە خۆی بۆ گرێبەستە گازی و پرۆسەی دەرهێنانی گاز ئامادەبکات بۆ ئەوەی لە هاوکێشەی وزەی جیهانی دانەبرێت.

تا چەند پێتان وایە کە گومانەکان ڕاستن و ئەو ڕێککەوتنە بێ ئەنجام ئەمێنێتەوە؟

لەم دواییەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گازی لەگەڵ دوو گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکی ئەنجامدا بۆ بەرهەم هێنانی گاز. ئەو گرێبەستانە بە گەورە دەخەمڵێنرێن بۆ بووژانەوەی کوردستان و عێراق. لە رووی یاساییەوە گرێبەستەکان هیچ کێشەیەکیان نییە چوونکە هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور کارەکانی کردووە و هیج بەندێک یان ماددەیەکی دەستووری عێراق دژی ئەنجامدانی گرێبەستی کوردستان نییە و سێ ماددەی دەستووری عێراق باسی بابەتی نەوت و گاز دەکەن هەموویان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە حاڵەتە ناکۆکەکان یاساکانی هەرێمەکان پەیرەو دەکرێن و یاسای نەوت و گازی کوردستان رێگە دەدات بۆیە هیچ دەقێکی دەستووری عێراق رێگر نییە لە ئەنجامدانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەگەل کۆمپانیاکان.

سەبارەت بە حکوومەتی عێراق و ناڕەزایەتی دەربڕینی چی؟

حکومەتی عێراقی فیدرال یاسای نەوت و گازی نییە تا رێگری بکات لە ئەنجام دانی گرێبەستەکان لە کوردستان. چوار جار یاسای نەوت و گاز رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا بەڵام لەبەر مسۆگرکردنی مافەکانی کورد پەسەندیان نەکردیە چونکە نایانەوێت بە یاسا مافی کورد دیاری بکرێت. و ساڵی رابردوو دادگای کەرخ لە بەغداد بڕیاری یاسایی بوونی گرێبەستە نەوت و گازییەکانی هەرێمی کوردستانی دا.

حکومەتی عێراق پێشتر باسی ئەوەی دەکرد کە گرێبەستەکانی نەوت گاز لە کوردستان لە شێوەی شەراکەتن یان هاوبەشن بۆیە نابێت هەبن یان بەردەوام بن بەڵام ئەم ساڵ عێراق خۆی گەورەترین گرێبەستی هاوبەشی ئەنجامدا. بەپێی دەستووری عێراق دەبێت هاوبەشی بکرێت لە نێوان عێراق و کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ ئەنجامدانی هەر گرێبەستێک بەڵام عێراق بە تەنیا گەورەترین گرێبەستی لەگەل کۆمپانیا پبی بریتانی ئەنجامدا کە خۆی پێچەوانەی دەستوورە دەبوو لەگەڵ کوردستان پێکەوە ئەنجامیان دابا بۆیە لە ئێستا دا کە کوردستان گرێبەست بکات هەمان شێوازی ئەوەی عێراقە لە رووی دەستوورەوە.

سوودی ئابووری ئەم ڕێککەوتنانە بۆ هەرێمی کوردستان چەندە و لە بەرانبەردا دەرهاویشتە و پاشهاتی سیاسی بۆ هەرێم چەندە قورسە؟ ڕەنگە ئەمریکا بتوانێ گوشار بخاتە سەر بەغدا تاکوو یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت و هەرێم بتوانێت داهاتی ئەم ڕێککەوتنەی دەست کەوێت؟
لە رووی ئابووریەوە ئەم رێککەوتنە دەستکەوتێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق دەبێت چونکە نزیکەی ٣٥ ساڵە خەڵکی کوردستان کێشەی کەمی کارەبایان هەیە بۆیە بە دەستپێکردنی ئەم گرێبەستە و بەرەو پێش چوونی پرۆسەی دەرهێنانی گاز، دەکرێت کێشەی کەمی کارەبا بە تەواوی چارەسەر بکرێت پاشان ئەم گازە دەنێردرێت بۆ عێراق بۆ ئەوەی سوودی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق هەبێت. لە ئێستا دا عێراق وا هەست دەکات کە ئەم گرێبەستە تەنها سوودی بۆ کوردستان هەبێت بەڵام لە داهاتوو دەزانن کە بۆ هەموو خەڵکی عێراقە و ڕازی دەبن بە گرێبەستەکان چونکە داهاتەکەی بۆ هەموو عێراق دەبێت.تا یاسای نەوت گاز دەر نەکرێت کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراق کۆتایی نایێت بۆیە چەند زووتر یاساکە دەربچێت لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقە و مافەکانی کوردستان دیاری دەکرێت.

دەوڵەتی مەسرور بارزانی ئێستا لەباری یاساوە ماوەی بەسەرچووە ، ئایا ڕێککەوتنی وا کە بە واژۆی ئەم حکوومەتە بێت، یاساییە ؟
سەبارەت بە گرێبەستەکان و کاتی ئەنجامدانیان کە لە ئێستا دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکنهاتووە بەڵێ دەکرێت چونکە ئەم گرێبەستانە خۆی پێشتر کراون واتا نوێ نییە بەڵکوو درێژە پێدەرە و لە کۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیای تر گواستراوەتەوە. و خۆی ئەم دوو کۆمپانیا بە سەدان یاساناسیان هەیە ئەگەر کێشەی یاسایی هەبێت هەرگیز ئەنجامی نادەن بۆیە ئەم گرێبەستانە هیچ کێشەیان نییە و دەبنە پاڵپشتێکی باش بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق.

342/

Your Comment

You are replying to: .
captcha